لە کەشێکی پڕ لە گرژیی ئەمنی و ناکۆکیی قوڵی سیاسیدا، 26ـەمین خولی پەرلەمانی ئیسرائیل 'کەنێسێت' بە سوێندخواردنی سەرجەم ئەندامەکانی دەستی بە کارەکانی کرد.

پێگەی ئیسرائیل تایمز بڵاویکردەوە، دەستپێکی ئەم خولەی پەرلەمانی ئیسرائیل، بە ئامادەبوونی کەسوکاری قوربانییانی 7ـی ئۆکتۆبەر لەناو پەرلەمان، دەستیپێکرد و لە دەرەوەی باڵەخانەی پەرلەمانیش، لایەنگرانی حزبە راستڕەوەکان خۆپیشاندانیان لە دژی بەشداربوونی لایەنە عەرەبەکان لە حکومەتی نوێی ئیسرائیلدا دەکرد.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە ناوەوەی هۆڵی پەرلەمان، هەر 120 ئەندامەکەی کەنێسێت یەک بە یەک سوێندی یاساییان خوارد و سکرتێری گشتیی کەنێسێت بەرەسمی خولی26ـەمی پەرلەمانی راگەیاند.

ئەوەشی روونکردووەتەوە، دەستپێکردنی ئەم خولەی کەنێسێتی ئیسرائیل لەنێوان گرژییەکانی شەقام و برینەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر لە ناوەوەی هۆڵەکەدا، ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە گۆڕەپانی سیاسیی ئیسرائیل بەرەو قۆناغێکی پڕ لە ئاڵۆزی، پەرتەوازەیی و چەقبەستوویی زیاتر سەبارەت بە چارەنووسی دەسەڵات و پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو، هەنگاو دەنێت.