وەزارەتی دادی عیراق كردنەوەی هۆبەیەكی تایبەت بە بەدواداچوونی كاروباری كوردانی فەیلی رادەگەیەنێت، لە پێناو لابردنی شوێنەوارە نەرێنییەكان و گەڕاندنەوەی مافەكانیان.

وەزارەتی دادی عیراق لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرایكردووە، لەسەر راسپاردەی خالید شوانی وەزیری داد و سەرۆكی لیژنەی تایبەت بە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی فەرمانی دیوانیی ژمارە 80ی ساڵی 2026، هۆبەیەكی تایبەت بە كاروباری كوردانی فەیلی لە ناو بەشی كاروباری هاووڵاتیان دامەزراوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئامانجی ئەو هەنگاوە جێبەجێكردنی بڕیارە رەسمییەكان و بایەخدانە بەو پێكهاتەیە كە لە رابردوودا ستەمیان بەرانبەر كراوە و چەوسێنراونەتەوە و پەراوێزخراون.

وەزارەتی داد راشیگەیاندووە، ئەو هۆبە نوێیە ئەركی وەرگرتنی داواكاری و سكاڵای كوردانی فەیلی لە ئەستۆ دەگرێت، بۆئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و لە چوارچێوەی رێكارە یاسایی و كارگێڕییەكاندا چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە و بە شێوازێكی دادپەروەرانە كار بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان بكرێت.