تا ئێستا لە عیراق 90 گۆڕی بەكۆمەڵ لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی تیرۆرستانی داعش دۆزراونەتەوە و تائێستاش هەڵدانەوەی 85 گۆڕیان تەواوكراوە.

عەبدولئیلاهـ نائیلی سەرۆكی دەزگای شەهیدانی عیراق رایگەیاند، تائێستا 90 گۆڕی بەكۆمەڵ لە عیراقدا دۆزراونەتەوە لەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی داعشبوون، كە روفاتی سەدان ژن و منداڵ و پیاوی تێدایە و زۆربەشیان لە سنوری قەزای شەنگالن و زۆربەی روفاتەكانیش ئێزدییەكانن.

ئاماژەی بەوەشكرد، تائێستا هەڵدانەوەی 85 گۆڕی بەكۆمەڵ تەواوكراوە و تیایدا 700 روفات هەڵگیراونەتەوە و دوای دڵنیابوونەوەش لە ناسنامەكانیان لە رێگەی پزیشكی دادییەوە، 300 روفات رادەستی كەسوكاریان كراونەتەوە.

سەرۆكی دەزگای شەهیدانی عیراق وتیشی، لە چەند مانگی داهاتوودا كارەكانی پشكنین بۆ پێنج گۆڕەكەی تریش تەواو دەبن، بەوەش كۆتایی دێت بە دۆسێی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی پەیوەست بە داعش.