وەزارەتی دارایی هەرێم کاتی بڵاوکردنەوەی لیستی موچەی ئاشکراکرد و دەشڵێت، " رێکارەکانی گواستنەوەی پارە بۆ سەر هەژماری موچەخۆران دەکەوێتە رۆژی یەکشەممە".

وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاندووە:: 834 ملیار و 920 ملیۆن دینار وەک تەمویلی موچەی مانگی 10ـی موچەخۆران بۆ هەرێم نێردراوە ، هەروەها دارایی عیراق 120 ملیار دیناری لە کۆی تەمویلی موچە بڕیوە.

دارایی هەرێم ئاماژەی بەوەشداوە، عیراق 4 ملیار و 476 ملیۆن و 540 هەزار دیناری لە تەمویلی موچەی مانگی تشرینی یەکەم نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی موچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.

دارایی هەرێم سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی لیستی موچە و کاتی دابەشکردن رایگەیاندووە: لەبەرئەوەی کاتی داخڵبوونی پارە بۆ سەر هەژماری وەزارەتمان کەوتە کۆتایی دەوامی رەسمی، بەو هۆیەوە تەواوکردنی رێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق دەکەوێتە سبەینێ لە کاتی دەوامی رەسمی، هەروەها ئەمڕۆ چوارشەممە لیستی موچەی سەرجەم موچەخۆران بڵاودەکرێتەوە.

 "بەهۆی ئەوەی رێکارەکانی گواستنەوەی پارە بۆ سەر هەژماری بانکی موچەخۆران پێویستی بە رێکاری تەکنیکییە لە بانکی ناوەندی عیراق بە سیستەمی ( ACH ) و جێبەجێکردنی ئەو رێکارەش پێویستی بە ماوەی رۆژێکی تەواو هەیە، ئەوەش وادەکات تەواو کردنی رێکارەکانی گواستنەوەی پارە بۆ سەر هەژماری موچەخۆران بکەوێتە رۆژی یەکشەممە، چونکە رۆژی هەینی و شەممە پشووی رەسمییە لە بانکی ناوەندی عیراق و ناتوانرێت لەکاتی پشودا ئەو رێکارانە ئەنجام بدرێت"، وەزارەتی دارایی هەرێم وادەڵێت.