کۆنفرانسی نێودەوڵەتی منداڵان و گەنجان بە ئامادەبونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد  و شارەزایانی جیهانی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست  لە سلێمانی بەڕێوەچوو، تێیدا جەخت لەسەر دابینکردنی داهاتوویەکی سەلامەت بۆ نەوەی نوێ کرایەوە.

بە بەشداریی شارەزایانی جیهانی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەکادیمیستان و پەرۆشانی مافەکانی منداڵان، رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان بەهاوکاری زانکۆی سلێمانی، کۆنفرانسێکی زانستیی نێودەوڵەتی دەربارەی منداڵان و گەنجان رێکخست، لە یەکەم رۆژی کۆنفرانسەکەدا چەندین دیدگا و روانینی گرنگ سەبارەت بە داهاتووی منداڵان خرانەڕوو.

لەو پانێڵە ئاست بەرزەدا، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: هەمووان دەڵێین منداڵان ئایندەی وڵاتن، بەڵام ئەو ئایندەیەی کە بڕیارە سەقەتەکانی گەورەکان بۆیان دروست دەکەن و نازانن چۆن تیایدا بژین.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد،  کە لە سەردەمی ئێستادا منداڵان روبەڕووی تەکنەلۆژیا و خێرایی سەردەمی (ئەی ئای) و (ئای تی) بوونەتەوە و جەختیکردەوە ، پاراستنی مافی منداڵ تەنها بە بڕیاری حکومەت یان بەڵێنی سیاسی ناکرێت، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی گشتییە بۆ ئەوەی منداڵان لەسەر گۆڕانکاری و هیوا پەروەردە بکرێن نەک تەنها بۆ قەیران و شەڕ.

هەر لە کۆنفرانسەکەدا، سارا لەتیف رەشید، سەرۆکی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، جەختی لەسەر پێویستیی گوێگرتن لە داواکاری و بۆچوونەکانی منداڵان و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی بۆ بڕیاردان لەسەر ژیان و داهاتوویان کردەوە.

هاوکات شازادە بەسمە کچی تەلال، باڵیۆزی رێزلێنراوی گەشەپێدانی مرۆیی بۆ بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP)، گرنگیی کاری پێکەوەیی بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی ئارام و دەرفەتی فێربوون بۆ گەنجان و منداڵان خستەڕوو.

لە کۆتایی کارەکانی یەکەم رۆژی کۆنفرانسەکەدا، ژمارەیەک منداڵ و گەنج لە تەمەنی جیاواز پانێڵێکیان بە ناوی "داهاتووی ئێمە پەیامی ئێمەیە" پێشکەش کرد و تێیدا داوایان کرد،  گوێیان لێ بگیرێت و بەشداریی پێبکرێت لەو رێسا و بڕیارانەی پەیوەندییان بە خۆیانەوە هەیە، جەختیشیان لەوە کردەوە کە پێویستە لە جیهانێکی دوور لە توندوتیژی و پڕ لە ڕێز و ژینگەیەکی پارێزراودا گەورە ببن.