دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی شوێنکەوتووانی کەسایەتیی ئایینیی شیعە 'فەرقەد قەزوینی'، 16ـی 10یان وەک یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریکرد، بابەتەکە لە تەواوی عیراق بڵاوبوویەوە و مشتومڕێکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناوەتەوە.

گروپێکی شیعە کە سەر بە 'فەرقەد حسێن قەزوینی'ـین، بۆ دیاریکردنی مانگەکان پشت بە رۆژمێرێکی تایبەت بە ناوی 'رۆژمێری محەممەدی' دەبەستن، کە رۆژمێرێکی ئەستێرەیی - خۆرییە و بەپێی جووڵەی خۆر و بورجەکان دەستنیشان دەکرێت، نەک لەسەر بنەمای بینینی مانگ کە تەواوی جیهانی ئیسلامی پەیڕەوی دەکەن.

ئەم گروپە لە چەند رۆژی رابردوودا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە و لە کۆتا راگەیەنراویشدا، ئەمڕۆ هەینی، 16ـی 10ـی 2026یان کرد بە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز.

شارەزایانیش دەڵێن، ئەم بڕیارە بە تەواویی پێچەوانەی رۆژمێری رەسمیی کۆچیی مانگییە؛ بۆ نموونە ناوەندە ئایینییە رەسمییەکانی وەک 'دارولئیفتای میسری' ئێستایان بە سەرەتای مانگی جومادەلئولا دیاریکردووە، بەڵام گروپەکەی 'فەرقەد قەزوینی' بە سەرەتای رەمەزانی دادەنێن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمە یەکەمجار نییە ئەم بابەتە دەوروژێنرێت، بەڵکو لە مانگی 10ـی ساڵی رابردووشدا هەمان گروپ بە هەمان شێواز و بە رۆژمێرەکەی خۆیان، مانگەکەیان بە مانگی رەمەزان ناساندبوو.