هەرێم کەمال ئاغا: چەند راسپاردەیەکمان پێشکەشکرد بۆئەوەی نرخی سوتەمەنی لە هەرێم وەک عیراقی لێبێت
ئوسامە ئەبوبەکر
٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق باس لە لیژنەیەک دەکات کە لە ئەنجومەنی نوێنەران پێکهێندراوە بۆ دابینکردنی سوتەمەنی بۆ هەرێمی کوردستان بەنرخێکی پاڵپشتیکراو هاوشێوەی پارێزگاکانی تری عیراق.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران لە هەژماری رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاندووە: دوای هەوڵ و ماندوبونێکی زۆر بۆ بەدواداچوون بۆ قەیرانی سوتەمەنی بە تایبەتی ماددەی بەنزین لە عیراق و هەرێمی کوردستان و دیراسەکردنی هۆکارەکانی ئەم قەیرانە، لێژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عیراق هەستاین بە پێکهێنانی لێژنەیەکی لاوەکی سەبارەت بە تەرخانکردنی بڕی 50 هەزار بەرمیل رۆژانە لە نەوتی خاو لەلایەن وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدرال و رادەست کردنی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی پاڵاوتنی و دابینکردنی سوتەمەنی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەنرخێکی پاڵپشتیکراو هاوشێوەی پارێزگاکانی تری عیراق.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەشڵێت: راسپاردەکان لە لایەن لێژنەکەمانەوە بەرزکرایەوە بۆ سەرۆکی پەرلەمان و رایدەگەینین کە لیژنەکەمان بەردەوام دەبێت لە بە دواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم راسپاردانە.
راسپاردەکان بریتین لەم خاڵانەی کە لە خوارەوە هاتوون
یەکەم: دابینکردنی سووتەمەنی بۆ پارێزگاکانی هەرێم لەلایەن کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە و بڕی شایستە بۆ هەر پارێزگایەکی هەرێم هاوشێوەی ئەژمارکردنی بڕەکە بۆ هەموو پارێزگاکانی دیکەی عیراق دیاری دەکرێت.
دابەشکردنەکەش بەپێی میکانیزمی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم دەبێت. لە حاڵەتی هەبوونی کەمی لە بڕی سووتەمەنیدا، بڕەکە بە یەکسانی بەسەر هەموو پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت. لەم حاڵەتەدا، دابینکردنی 50 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ هەرێم هەڵدەوەشێندرێتەوە و لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە دەکرێت، هەروەها وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەڵێن دەدات کە بەرهەمە نەوتییەکان لە پارێزگاکانی هەرێمدا بەپێی ئەو نرخە بفرۆشێت کە لای وەزارەتی نەوتی فیدراڵی پەسەند کراوە.
دووەم: لە حاڵەتی پەسەندکردنی پێشنیازی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ زیاتکردنی نەوتی خاوی دابینکراو لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ زیاتر لە 50 هەزار بەرمیلی رۆژانە، پێشنیاز دەکەین:
- لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشتووان بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی قەیرانەکان هاوشێوەی هەموو پارێزگاکانی دیکە.
- دیاریکردنی بڕەکە لە رێگەی لیژنەیەکی تەکنیکی بەشداری کۆمپانیاکانی پاڵاوگەکان و کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان.
- فرۆشتنی نەوتی خاوی ناوخۆیی بۆ هەرێم بە هەمان ئەو نرخەی پاڵاوگەکانی پارێزگاکانی دیکەی عیراق.
- رادەستکردنی نەوتی رەش بە هەمان ئەو میکانیزمەی كه لە باقی پارێزگاکانی دیکەی عیراقدا پەیڕەو دەکرێت.
- وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەڵێن دەدات کە هاووڵاتییانی هەرێم بە هەمان ئەو نرخەی لە پارێزگاکانی دیکەی عیراقدا پەسەند کراوە دابین بکات.
- یەکلاکردنەوەی تێچووی پاڵاوتن لە نێوان پاڵاوگەکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی هەموو ساڵێکدا بە مەبەستی دانه وه ى تێچوەکان لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە.






