وەزیری دەرەوەی سعودیە: پشتگیری پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ دەکەین بۆ کەرتی غەززە
بڵند
٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند، دەبێت ئیسرائیل دەستبەجێ چالاکییەکانی نیشتەجێبون لە کەرتی رۆژئاوا راگرێت و پشتگیری پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ دەکەن بۆ کەرتی غەززە.
فەیسەڵ بن فەرحان،وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند دژی ئەو چالاکیانەی ئیسرائیلن لە کەرتی رۆژئاوا، ئاماژەی بەوەشکرد هێرشی حوسییەکان بۆ سەر رێڕەوی کەشتیوانی لە باب مەندەب مەترسی و هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
ناوبراو وتیشی، دەستدرێژی و هێرشەکانی حوسییەکان شوێنە مەدەنییەکانی ناو خاکی سعودیە دەکەنە ئامانج و وڵاتەکەی مافی پاراستن و بەرگرییکردن لە خۆی هەیە لە بەرانبەر ئەم هەڕەشانەدا و وەڵامی پێویستیان دەداتەوە.
سەبارەت بە رەوشی ناوخۆیی یەمەنیش، دووپاتی کردەوە لە ئێستادا لەپێشینەی سەرەکیی کارەکانیان پاراستنی یەکپارچەیی خاکی یەمەنە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری دەرەوەی سعودیە تیشکی خستە سەر رەوشی فەلەستین رایگەیاند، دەبێت دەستبەجێ چالاکییەکانی نیشتەجێکردنی ئیسرائیل لە کەرتی رۆژئاوا رابگیرێت و پشتگیریی وڵاتەکەیشی بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتیی پلانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە داهاتووی کەرتی غەززە دەربڕی.


