ئایشەگوڵ دۆغان: تا ئێستا رەشنووسی یاسای چوارچێوە ئامادەنەكراوە
هۆزان
٢٤ی تەمووزی ٢٠٢٦
دەم پارتی دیالۆگی نیشتمانی لەگەڵ پارتە سیاسییەكان دەستپێدەكات و جەخت لە جێبەجێكردنی یاسای چوارچێوەش دەكاتەوە.
ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتیی یەكسانی و دیموكراتیی گەلان 'دەم پارتی' رایگەیاند، لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە هاوسەرۆكانی گشتیی دەم پارتی، دەست بە دانوستان لەگەڵ سەركردەی پارتە سیاسییەكانی توركیا دەكەن بۆ تاوتوێكردنی ئاستی بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی ئاشتی و شێوازی جێبەجێكردنی یاسای چوارچێوە و دروستكردنی كۆدەنگیی نیشتمانی بۆ مسۆگەركردنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی.
سەبارەت بە ئەنجامی دیداری وەفدە پارتەكەیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، وتەبێژی دەم پارتی دەنگۆی رادەستكردنی رەشنووسی یاسای چوارچێوەی بە ئۆجەلان رەتكردەوە و روونیكردەوە، بەپێی زانیارییە بڕواپێكراوەكان و سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، تا ئێستا هیچ رەشنوسی یاسای چوارچێوە ئامادەنەكراوە.


