عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا رایگەیاند، لەگەڵ ئەمریکا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن کە تیایدا هەردوولا بەڵێن دەدەن رێز لە سەروەری یەکتر بگرن و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی یەک نەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا بە نووسراو بەڵێنی داوە چیتر شەڕ دەست پێنەکات و هەڕەشە و هێز دژی ئێران بەکارنەهێنێت.


عراقچی سەبارەت بە ناوەڕۆکی یاداشتنامەکە ئاشکرای کرد، بابەتەکانی وەک پرسی ئەتۆمی، هەڵگرتنی سزاکان، ئاوەدانکردنەوە، چارەنووسی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران، پرسی گەرووی هورمز و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لە یاداشتەکەدا جێگیر کراون. 


وتیشی: رێککەوتن و دانوستان پرۆسەیەکی دوولایەنەیە و هیچ رێککەوتنێک نییە کە لایەنێک تێیدا 100%ـی قازانج ببێت و لایەنەکەی تر هیچ. بەڵکو دەبێت هەردوولا گەیشتبنە ئاستی رەزامەندی.

وەزیری دەرەوەی ئێران روونیکردەوە، دانوستانەکان بۆ دوو قۆناغ پێشبینی کراون؛ قۆناغی یەکەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەیە، قۆناغی دووەمیش کە دەستپێکردنی دانوستانە وردەکانە. 


عراقچی ئەوەشی رایگەیاند، کە پرسی ئەتۆمی و هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران بۆ قۆناغی دووەم دواخراون و ماوەی 60 رۆژ دانوستان بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسانە دیاریکراوە.
لەسەر ئاستی ناوچەیی، عەباس عراقچی جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی تاران کردەوە و رایگەیاند، هەرگیز حزبوڵای لوبنان بە تەنیا جێناهێڵن و کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دەبێت لوبنان و هەموو بەرەکانی تر بگرێتەوە.


لە کۆتاییدا وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دا لەوەی کە ئەم رێککەوتنە چەندین دوژمنی هەیە، کە لە سەرووی هەموویانەوە ئیسرائیلە و هەوڵی تێکدانی دەدات.