کۆڵ ئالن کێیە؟ ئەو گەنجەی بە چەکی راوەوە ئێوارەخوانی کۆشکی سپی تێکدا
بڵند
٢٦ی نیسانی ٢٠٢٦
بەرەبەیانی ئەمرۆ بەکاتی هەرێم، ئاهەنگی ئێوارەخوانی رۆژنامەنوسەکانی کۆشکی سپی گۆڕدرا بۆ مەیدانی تەقەکردن و دروستبوونی ئاڵۆزی و دڵەراوکێ، ئەمەش لە دوای ئەوەی کەسێک دەستی کرد بە تەقەکردن و هەر زوو هێزە ئەمنییەکان کۆنتڕۆڵی رەوشەکەیان کرد.
بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، ئەو کەسەی هێرشی کردە سەر ئێوارەخوانی کۆشکی سپی، کە دۆناڵد ترەمپ تێیدا ئامادە بوو، ناوی "کۆڵ تۆماس ئالن"ـە و تەمەنی 31 ساڵە.
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە، کە تۆمەتبارەکە دانیشتوی ویلایەتی کالیفۆرنیایە و ئەندازیارێکی میکانیکی و گەشەپێدەری سەربەخۆی یارییە ئەلیکترۆنییەکانە، کە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی "Caltech" و پێشتر وەک مامۆستایەک لە کۆمپانیایەکی پەروەردەیی کاری کردووە.
پۆلیسی واشنتۆن ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئالین بە چەکی (راو و دەمانچە و چەقۆوە) خاڵێکی پشکنینی خزمەتگوزاری نهێنی بەزاندووە و پێش دەستگیرکردنی، تەقەی لە ئەندامێکی تیمە ئەمنییەکان کردووە و لە سنگی داوە، بەڵام قەڵغانی پارێزەر ژیانی رزگار کردووە.
تا ئێستا پاڵنەرەکانی پشت هێرشەکە ناڕوونن و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ئامانجی سەرەکی ترەمپ بووە یان ئامادەبووانی دیکەی ناو ئاهەنگەکە.
داواکاری گشتیی ئەمریکاش رایگەیاندوە، سبەینێ دووشەممە، کۆل ئالنی تەمەن 31 ساڵ دەبرێتە بەردەم دادگا و دادگای دەکرێت و کەناڵی سی بی ئێسیش بڵاویکردوەتەوە، لە سەرەتای لێکۆڵینەوەکاندا ئەو کەسەی تەقەی کردوە، دانیبـەوەداناوە مەبەست لە هێرشەکەی لێپرسراوانی ئەمریکا بووە.


