عەباس عراقچی هەوڵەكانی بۆ راگرتنی شەڕ خێرا دەكات
٢٦ی نیسانی ٢٠٢٦
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەكانی بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ لە ناوچەكەدا، زنجیرەیەك پەیوەندی و سەردانی ئەنجامدا.
عراقچی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا و بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر، دواین پەرەسەندنەكانی پەیوەست بە ئاگربەست و هەوڵە نێودەوڵەتییەكانی بۆ هێوركردنەوەی رەوشەكەی تاوتوێ كرد.
هاوكات، بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئێران دوای كۆتاییهاتنی گەشتەكەی بۆ عومان و پێش سەردانی روسیا، جارێكی دیكە بگەڕێتەوە پاكستان.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ئاماژەی بەوە كردووە، بەشێك لە وەفدی یاوەری عراقچی بۆ وەرگرتنی ڕێنمایی نوێ سەبارەت بە كۆتاییهێنان بە شەڕ گەڕاونەتەوە تاران و ئێوارەی یەكشەممە لە ئیسلام ئاباد پەیوەندی بە عراقچی دەكەنەوە.
دەشڵێت، ئەم جووڵە دیپلۆماسییانە نیشاندەری هەوڵە چڕەكانی تارانە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنی كۆتایی لەبارەی ئاگربەست لە ناوچەكەدا.
دوێنێ عراقچی لە دوای گەڕانەوەی لە پاكستان وتی، هەڵوێستی ئێران و نەخشە رێگەی و كۆتاییهێنان بە جەنگ و ئاشتی هەمیشەییان خستووەتەڕوو، بەڵام دیارنییە ئایا ئەمریكا جدییە لەسەر گفتوگۆكان یاخودا نا.



