ترەمپ گەمارۆی دەریایی سەر ئێران کارا دەکات و هۆشداریی توند دەدات
محەمەد رزگار
١٣ی نیسانی ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رادەگەیەنێت، گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاران چیتر ناتوانێت نەوت بفرۆشێت.
ترەمپ لە بنکەی ئاسمانیی "ئەندرۆز" لە ویلایەتی ماریلاند بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: مەبەستیانە گەرووی هورمز بکەنەوە، ئێران لە رەوشێکی بێهیوایی دایە و هەرگیز رێگە نادەن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی توندی ئاراستەی هاوپەیمانی ناتۆش کرد و وتی: بە ملیاران دۆلاریان بە ناتۆ داوە، بەڵام لە جەنگی ئەم دواییەی سەر ئێران لەگەڵیان نەوەستان. سەبارەت بە دانوستانیش ئەوەی خستەڕوو، بۆی گرنگ نییە تاران دەگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ یاخود نا.
لە لایەکی تریشەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، کە لە ئەمڕۆ دووشەممەوە سەعات 10ـی بەیانی بەکاتی کەناراوەکانی رۆژهەڵات، گەمارۆی هاتوچۆی دەریایی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران دەستپێدەکات.
ئاشکراشیکرد، گەمارۆکە بە یەکسانی بەسەر کەشتیی هەموو ئەو وڵاتانەدا جێبەجێ دەکرێت کە دێنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دەچنە دەرەوە.
سێنتکۆم راشیگەیاند، ئەو کەشتیانەی تەنها بە گەروی هورمزدا تێپەڕ دەبن و ناچنە بەندەرەکانی ئێران، رێگرییان لێ ناکرێت.
ترامپ لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵ تروس ئاماژەی بەوە کرد، هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا هەر کەشتییەک لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بپشکنن کە باجی تێپەڕبوونی بە ئێران دابێت، وتیشی: "ئێران دەیەوێت بە پرسی مینڕێژکردنی گەرووی هورمز باجگیریی جیهانی بکات، بەڵام ئێمە دەست دەکەین بە لەناوبردنی ئەو مینانە و هەر ئێرانییەک تەقەمان لێ بکات، بەتەواوی تێکی دەشکێنین."
لە کۆتاییدا ترەمپ دوپاتی کردەوە، وڵاتەکەی لە ئامادەباشی تەواودایە و هێزە سەربازییەکانیان ئەوەی لە ئێران ماوەتەوە "کۆتایی پێدەهێنن" ئەگەر بێت و تاران بە خێرایی دەست نەکات بە کردنەوەی رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان.



