تەلەگراف: ترەمپ بژاردەی بۆردومانکردنی ئێران تاوتوێ دەکات
محەمەد رزگار
١٣ی نیسانی ٢٠٢٦
رۆژنامەکان ئاشکرایانکردووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، تاوتوێی وەشاندنی گورزی ئاسمانی نوێ بۆ سەر ئێران دەکات، وەک پاڵپشتییەک بۆ ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە بەسەر گەرووی هورمزدا سەپاندوویەتی, ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بە تەواوی شکستیان هێنا.
رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" لە وتارێکی شیکاریدا تیشک دەخاتە سەر بڕیارە نوێیەکەی دۆناڵد ترامپ بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر گەروی هورمزدا و دەڵێت، سەرۆکی ئەمریکا توانیویەتی بە "زیرەکییەوە" کۆتایی بەو هەڕەشانە بهێنێت کە تاران هەمیشە وەک کارتێکی فشار بەکاریهێناون.
ترەمپ رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانیان رێگری لە "هەر کەشتییەک" دەکەن کە بیەوێت بچێتە ناو گەروەکە یان لێی بێتە دەرەوە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، ئیدارەی ترامپ تاوتوێی دوو بژاردە دەکات؛ یەکەم، هەڵمەتێکی بۆردومانی سەرتاسەری، دووەم، گورزی سەربازیی سنوردار بۆ سەر ژێرخانی ئێران.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز هەڕەشەی لێدانی وێستگەکانی ئاو، وێستگەکانی شیرینکردنی ئاوی دەریا و وێستگەکانی کارەبای ئێرانی کرد و وتی: "پێم ناخۆشە بیکەم، بەڵام بائامانجگرتن و تێکشکاندنی ئەو وێستگانە زۆر ئاسانە."
دانوستانەکان لە کاتێکدا شکستیان هێنا کە ئەمریکا جەخت لە کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکاتەوە، بەڵام تاران رەتیکردووەتەوە دەستبەرداری پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ببێت، لەگەڵ راگەیاندنی دەستپێکردنی گەمارۆکە لە سەعات10ـی بەیانی بەکاتی ئەمریکا، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەی ٨٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.



