بافڵ جەلال تاڵەبانی: دووپاتی دەکەینەوە هیچ کاتێک هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لەم جەنگە
٢٤ی ئازاری ٢٠٢٦
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئیدانەی هێرشکردنە سەر پێشمەرگە دەکات و رایگەیاند؛ بە توندی ناڕەزایەتی خۆمان دەردەبڕین بە شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان
لە راگەیەندراوێكدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵە و هاوسەنگەرانی شەهیدەکان دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێت.
جەختیشیکردوەتەوە، بە ئامانجگرتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێشێلکردنی سەروەری خاکی عیراق و هەرێمی کوردستانە و سەرکۆنەی دەکەن.
داواش لە حکومەتی عیراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە هێرشێکی هاوشێوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هیچ کاتێک هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لەم جەنگە، بەڵکو هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان خستووەتەگەڕ تاوەکو بەشێکبن لە دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە لە رێگەی گفتوگۆوە بۆ ئەوەی سەقامگیریی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.



