میدیا عیراقییەکان بڵاویانکردەوە، سەرچاوە باڵاکانی حکومەتی عیراق ئاشکرایان کردوە، کە ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی، بڕیارێکی گرنگی دەرکردووە و تێیدا دەسەڵاتی تەواوی داوە بە دەستەی حەشدی شەعبی و سەرجەم دەزگا ئەمنییەکانی تری وڵات، تاوەکو بەپێی پرەنسیپی مافی وەڵامدانەوە و بەرگری لە خۆکردن مامەڵە بکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکان،  بڕیاری دەسەڵاتی وەڵامدانەوە بە حەشدی شەعبی،  بە مەبەستی روبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشە سەربازییانەیە، کە دەکرێنە سەر بنکە و بارەگاکانیان، بەجۆرێک هێزەکان دەتوانن دەستبەجێ بەرپەرچی هەر دەستدرێژییەک بدەنەوە.

لای خۆیەوەئاژانسی هەواڵی عیراقی (واع) لە زاری بەرپرسانی عیراقەوە رایگەیاندوە، کە ئەنجومەنەکە بڕیارێکی توندتری دەرکردووە سەبارەت بە تێکدەرانی ئاسایشی ناوخۆ و  بەپێی بڕیارەکە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەموو ئەو کەسانە جێبەجێ دەکرێت کە تێوەگلاون لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەمنییەکان، بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیان و نێردە دیپلۆماسییەکان.

هەروەها جەخت کراوەتەوە کە پێویستە ئەو لایەنانەی لە پشت ئەم هێرشانەوەن بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن.

ئەم هەنگاوانە لە کاتیكدایە، کە گرژییە ئەمنی و سەربازییەکان لە ناوچەکە زیادیان کردووە و حکومەتی عیراق دەیەوێت لە رێگەی ئەم دەسەڵاتانەوە پارێزگاری لە سەروەریی خاکی وڵات و سەلامەتیی هێزە چەکدارەکانی بکات