مەزڵوم عەبدی: دۆسیەی ئەمنی ناوچە كوردیەكان جگە لە هەسەدە لای هیچ هێزێكی دیكە نابێت
محەمەد رزگار
٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
مەزڵوم عەبدی دەڵێت: مانەوەم لەناو گەلەكەمدا لە هەموو پلە و پۆستێك پێ گرنترە و هەوڵدەدەین رێككەوتنەكە لەگەڵ دیمەشق عەفرین و گرێسپی و سەرێكانیش بگرێتەوە.
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات'هەسەدە' لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی رۆناهی رایگەیاند، مەترسی کۆمەڵکوژی لەسەر گەلی کورد هەبوو لە رۆژئاوا، هەموو هەوڵەکانیش بۆ راگرتنی ئەو کۆمەڵکوژییە بوو.
وتیشی،هەوڵەکانی دوایی ئاگربەستیش پاراستنی مافی کوردە.
مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتوین هێزێکی ئەمنی کەم لە سوریا بێنە حەسەکە بۆ پاراستنی دامودەزگاکانی حکومەت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هێزەی لە دیمەشقەوە دێن تەنها بۆ پاراستنی چەند شوێنێكی حكومیە، دەشڵێت؛ دۆسیەی ئەمنی ناوچە كوردیەكان جگە لە هەسەدە لای هیچ هێزێكی دیكە نابێت.
فەرماندەی گشتی هەسەدە راشیگەیاند، هیچ دامەزراوەیەكی رەسمی هەڵناوەشێنەوە و هەموی وەك خۆی دەمێنێتەوە، شەڕڤانانیش وەك بەشێك لە وەزارەتی بەرگری لە ناوچەكانی خۆیان دەمێننەوە.
ئاشکراشیکرد، هەوڵدەدەین رێككەوتنەكە عەفرین و گرێسپی و سەرێكانیش بگرێتەوە، هاوکات پۆستی پارێزگاری حەسەکە بۆ کورد دەبێت و لەلایەن هەسەدەوە هەڵدەبژێردرێت.
مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، فەرمانبەرانی خۆسەر لە ماوەیەكی كورتدا بە رەسمی دەكرێن و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارن لە جێبەجێكردنی رێككەتنەكە وەك خۆی.
مەزڵوم عەبدی: مانەوەم لەناو گەلەكەمدا لە هەموو پلە و پۆستێك پێ گرنترە ، سوپاسی زۆرینەی حزب و لایەنەكانی باشوری كوردستان دەکەم، کە پشتیوانمان بوون و رۆڵی گرنگیان هەبوو.


