سەرۆکی ئەمریکا مۆڵەتی کۆتایی دەداتە تاران و هێزێکی دەریایی گەورەیە رەوانەی ناوچەکە دەکات
محەمەد رزگار
٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی تر هۆشداری توند دەداتە ئێران و رایدەگەیەنێت، تاران بۆ خۆلادان لە هێرشی سەربازی، ئارەزووی ئیمزاکردنی رێککەوتن دەکات.
دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، مۆڵەتێکی دیاریکراوی بۆ تاران داناوە تا وەڵامی پێشنیازەکانی واشنتن بدەنەوە، بەڵام ئامادەنەبوو کاتەکەی ئاشکرا بکات و وتی: "تەنها ئێران وردەکاریی ئەو مۆڵەتە دەزانێت".
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، كەشتیگەلێكی جەنگی گەورە بەرەو ئێران دەڕوات لەپێناو گەیشتن بە رێككەوتن. کەشتیگەلەکە کەشتی فڕۆکەهەڵگری فڕۆکەی "ئەبراهام لینکۆڵن"ـی تێدایە کە هەشتا فڕۆکەی جەنگی هەڵگرتووە، لەگەڵ سێ کەشتیی وێرانکەری ئامادەکراو بە موشەکی "تۆماهۆک".
ئەم هەڕەشانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند: "تاران بەدوای جەنگدا ناگەڕێت و پێشوازی لە دیالۆگ و گفتوگۆ دەکات".
چاودێران پێیان وایە ناوچەکە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە و جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا پەیامێکی روونن بۆ تاران، کە کاتی بڕیاردان نزیک بووەتەوە.


