بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێشوازی لە رێككەوتنی نێوان هەسەدە و حكومەتی سوریا دەكەم
محەمەد رزگار
٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی لەبارەی رێككەوتنی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە و حكومەتی سوریا بڵاوكردەوە و دەڵێت: هیوادارم رێککەوتنەکە ببێتە هۆی سەقامگیریی و گەشەسەندن بۆ رۆژئاوای کوردستان و سوریا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سوریا دەکەم بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان و کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان، هیوادارم ببێتە سەرەتایەک بۆ دابینکردنی مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان بە تایبەتی کورد.
وتیشی، سوپاسی خۆم ئاڕاستەی ئەمریکا و فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی نێوەندگیر دەکەم و هیوادارم رێککەوتنەکە ببێتە هۆی سەقامگیریی و گەشەسەندن بۆ رۆژئاوای کوردستان و سوریا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، لە ناخی دڵمەوە سوپاسی تەواوی هاونیشتمانییانمان بە تایبەتی گەنجان لە کوردستان و تاراوگە دەکەم بۆ پاڵپشتییان لە رۆژئاوا، کە بە جیهانیان وت، کورد یەکە.
راشیگەیاند، هەوڵ و بەرخۆدانی بەردەوامی برام جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی بۆ گەلەکەمان لە رۆژئاوا بیردەهێنمەوە و پێی دەڵێم، شانازیی بە هەڵوێستەکانتەوە دەکەم و وەک هەمیشە پشتیوانتم.


