لیندسی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان، رایگەیاند بە رەسمی پرۆژە یاسای "پاراستنی کوردان" لەگەڵ سیناتۆر بلومێنتاڵ پێشکەش بە کۆنگرێس کردووە  و پەیامێکی توندیش ئاراستەی نەیارانی کورد دەکات.

سیناتۆرە ئەمریکییەکە، لە پلاتفۆرمی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە  رایگەیاندوە، پرۆژە یاساکەی  پشتگیری هەردوو حزبی دیموکرات و کۆمارییەکانی هەیە، چونکە کوردەکان هاوپەیمانێکی باوەڕپێکراوی ئەمریکان.

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، گراهام نوسیویەتی، هەسەدە کە کورد پێکهاتەیەکی سەرەکیەتی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپدا، ئەرکی سەرەکی و قورسی شەڕی تێکشکاندنی داعشیان لە ئەستۆ گرت بوو.

هەروەها، هۆشداریەکی توندیشی ئاراستەی نەیارانی کورد کردووە و پێیان دەڵێت؛ بۆ ئەو وڵات و گروپانەی وا دەزانن  هێرشکردنە سەر کوردان لە سووریا بێ ئەنجام وبێ  لێپرسینەوە تێپەردەبێت، زۆر بە هەڵەدا چوون.