نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی (ئۆچا) ئاوارەبوونی زیاتر لە 170 هەزار کەسی لە 6ی مانگی یەکی ئەمساڵەوە،  لە حەلەب و حەسەکە و رەقە پشتڕاستکردەوە بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی چەکدارەکانی سوریا  بۆسەر ئەو ناوچانە، فەرمانگەی ئاوارە و پەنابەران لە ئیدارەی خۆسەریش رایگەیاندوە، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی ئاوارەبوون بەهۆی شەڕی چەکدارەکانی سوریاوە 350 هەزار کەس زیاترە.

 

هەواڵ:Kurdsat News

رێکخراوی ئۆچا، لە سوریا پشتراستی کردوەتەوە، بەهۆی هێرشی چەکدارەکانی سوریاوە، بۆ سەر ئەو ناوچانەی شەڕ تێیدا ڕویداوە، زیاتر لە 170 هەزار هاووڵاتیی ئاوارەبوون، ئەم جگە لەوەی ماوەی هەفەتەیەک خزمەتگوزارییەکانی  کارەبا و ئینتەرنێت لە کۆبانێ پچراون بەهۆی گەمارۆکانی سەر ئەو شارەوە.

ئۆچا دووپاتی کردەوە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی وەڵامدانەوەی مرۆیی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و لەو چوارچێوەیەدا دوێنێ کاروانێکی هاوبەشی مرۆیی نێوان دەزگاکان گەیشتنە شاری قامیشلۆ، کە خواردن و جلوبەرگی زستانە و بەتانی و پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکەیان لەخۆگرتبوو، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردوە لە چەند رۆژی داهاتوودا، کاروانی زیاتری هاوکاریی رەوانەی ئەو ناوچانە دەکرێت.

لای خۆشیەوە ستیفان دوجاریک، وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندوە، بە گوێرەی زانیارییەکانیان،  هێشتا خزمەتگوزاری کارەبا و ئینتەرنێت لە شاری کۆبانێ نەگەڕاوەتەوە و ئەمەش ئازاری ئەو دانیشتوانەی کە لە ئێستاوە بە رەوشێكی مرۆیی ترسناک و سەختدا تێدەپەڕن، بەهۆی گەمارۆکانی چەکدارەکانی سوریاوە  زیاتر دەکات.

فەرمانگەی ئاوارە و پەنابەران لە ئیدارەی خۆسەریش رایگەیاندوە، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی ئاوارەبوون بەهۆی شەڕی چەکدارەکانی سوریاوە 350 هەزار کەسن و لە رەوشیکی سەختی مرۆیدان و ئەو هاوکاریانەی  بۆیان رەوانەکراوە سنوردارە و پێداویستییەکانیان پڕ ناکاتەوە