سەرۆک کۆمار پێشوازی لە سکرتێری گشتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی روسیای فیدڕاڵی دەکات
١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە سێرگی شۆیگو سکرتێری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی روسیای فیدڕاڵ و وەفدی یاوەری.
لە میانەی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 16-9-2025 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئامادەی بوو، پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و روسیا و چۆنیەتی پەرەپێدانیان بۆ هێنانەدی ویستی هەردوو وڵات بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی تاوتوێ کرا.
سەرۆک کۆمار، بەخێرهاتنی وەفدەکەی کرد و سڵاوی خۆی گەیاندە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا ، جەختیشیکردەوە لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندیی دوو قۆڵی و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری لەبواری ئەمنی و سەربازی و ئاڵوگۆڕی شارەزایی و زانیاری هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کە بناغەکانی سەقامگیری و ئاسایش لە هەردوو وڵات و ناوچەکەدا دەچەسپێنێت.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا هەڵوێستی عیراق بۆ رەتکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە تاوتوێکرا.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی دەربڕینی هەڵوێستێکی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوە و راگرتنی هەموو پێشێلکارییەکانی دژی خەڵکی مەدەنی و بێتاوان و دانان بە مافی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی بە گەلی فەلەستین.
سەرۆک کۆمار، هەڵوێستی پشتیوانی روسیای لەبارەی دۆزی فەلەستین بەرز نرخاند.
لای خۆیەوە سێرگی شۆیگو ویستی وڵاتەکەی دووپات کردەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عیراق بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات و گەلی دۆست بکات.

