پسپۆڕان و پزیشکان ئامۆژگاریمان دەکەن بە پەیڕەوکردنی نۆ خوی سادەی رۆژانە، کە یارمەتیدەرن بۆ بەهێزکردنی یادەوەری و هاندانی زیرەکی. ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە گۆڕانکاریی بچووک لە شێوازی ژیاندا دەتوانێت پارێزگاری لە نەرمی مێشک بکات و توانای هزری بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەهێز بکات.

بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ڕیڵ سمپڵ"، خووە سادەکانی وەک خەوی باش، وەرزشکردن، تێڕامان (تەئەمول)، پەیوەندی کۆمەڵایەتی، و گوێگرتن لە میوزیک، دەتوانن گۆڕانکارییەکی گەورە لە ژیانی رۆژانەدا دروست بکەن بەهۆی کاریگەرییە ئەرێنییەکانیان لەسەر نەرمی مێشک و بەهێزکردنی بیرکردنەوە و توانا هزرییەکان.

لێرەدا ئەو نۆ خوە سادەیە دەخەینەڕوو:

1. خەوی رێک و پێک:

دکتۆر شارۆن برنگمان، پسپۆڕ لە بواری پزیشکیی پیریدا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە خەوی رێک و پێک زۆر پێویستە و دەڵێت: "لەکاتی خەودا، مێشک بەردەوامە لە کارکردن لە رێگەی چەسپاندنی یادەوەرییەکان و باشترکردنی توانای تەرکیز و شیکارکردنی کێشەکان." ئامۆژگاری دەکات کە کاتژمێرێک پێش نووستن لە مۆبایل دووربکەوینەوە بۆ باشترکردنی کوالێتی خەو.

2. وەرزشکردنی رۆژانە:

وەرزشی رێک و پێک یارمەتی بەهێزکردنی پەیوەندییە دەمارییەکانی مێشک دەدات و رێڕەوی نوێ دروست دەکات کە بۆ تەندروستیی هزری پێویستن. دکتۆرە برنگمان پێشنیاری وەرزشکردن دەکات بۆ ماوەی لانیکەم 30 خولەک لە رۆژێکدا.

3. تاقیکردنەوەی خولیای نوێ:

مێشک حەزی لە بەرەنگاری و نوێبوونەوەیە. پسپۆڕان ئامۆژگاری دەکەن بە فێربوونی بەهرەی نوێ وەک خوێندنەوە، چنین، چاندن، یان وێنەکێشان بۆ دروستکردنی رێڕەوی دەماریی نوێ و هاندانی توانای فرەئەرکی و کۆنترۆڵکردنی سترێس.

4. پاراستنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی:

دکتۆر جۆیل سالیناس جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ کەسانی تردا بیرکردنەوە بەهێز دەکات و پشتگیری لە تەندروستیی سۆزداری دەکات. پەیوەندی تەلەفۆنی، سەردان، چالاکی بەکۆمەڵ، یان تەنانەت کاری خۆبەخشی، دەتوانن مێشک بە چالاکی و هاوسەنگی سۆزداری بهێڵنەوە.

5. تێڕامان و خەیاڵکردن:

توێژینەوەکان دەریانخستووە کە خەیاڵکردن (شیرود) دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە فێربوون و شیکارکردنی قووڵتر. پسپۆڕان ئامۆژگاری دەکەن بە ئەنجامدانی چالاکیی هزری و تێڕامانی رۆژانە.

6. قسەکردن لەگەڵ خۆتدا:

دکتۆر رایان سوڵتان روونیدەکاتەوە کە قسەکردن لەگەڵ خۆتدا بە دەنگی بەرز، کۆنترۆڵی هزری بەهێز دەکات و خێرایی ئەنجامدانی ئەرکەکان دوو هێندە دەکات. بۆ نموونە، توێژینەوەیەک دەریخستووە ئەو کەسانەی لەکاتی گەڕان بەدوای کلیلدا وتوویانە "کلیل، کلیل،" خێراتر کلیلیان دۆزیوەتەوە.

7. هەستکردن بە بێزاری و وەڕسبوون:

دکتۆر سوڵتان روونیدەکاتەوە کە هەستی بێزاری تۆڕی "دۆخی بنەڕەتی" (Default Mode) لە مێشکدا چالاک دەکات، کە بەرپرسە لە داهێنان و بەیەکەوەبەستنی بیرۆکەکان.

8. بەسەربردنی کاتی زیاتر لە سروشتدا:

توێژینەوەیەکی بەلجیکی سەلماندوویەتی کە زیادکردنی رووبەری سەوزایی بە ڕێژەی %3 لە گەڕەکێکدا، دەتوانێت رێژەی زیرەکی بە تێکڕا 2.6 پلە بەرز بکاتەوە. سروشت سترێس کەمدەکاتەوە، چالاکی جەستەیی زیاد دەکات، و تەندروستی مێشک باشتر دەکات.

9. گوێگرتن لە میوزیک:

توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە میوزیک تەرکیز بەهێز دەکات و خێرایی وەڵامدانەوە زیاد دەکات. دکتۆر کێڤن وودز روونیکردەوە کە میوزیک بە وردی دیزاین کراوە بۆ هاندانی شەپۆلەکانی مێشک و زیادکردنی تەرکیز تەنها لە ماوەی چەند خولەکێکدا.