دوای سەردانەکەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ مۆسکۆ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە واشنتۆن بەردەوامە لە گفتوگۆکردن لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ئەوروپا و کیێڤ سەبارەت بە پرسی چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکراین.

تۆمی بیگووت، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند: "ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ئەوروپا و ئۆکراین. ئامانجی کۆتاییمان کۆتاییهێنانە بەم ململانێیە و کۆکردنەوەی هەموو لایەنەکانە لەسەر مێزی گفتوگۆ، بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئاشتییەکی هەمیشەیی."

پێشتر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشوازی لە ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان پوتین و ویتکۆف کردبوو لە کرملن و بە "پێشکەوتنێکی گەورە" وەسفی کردبوو.

تۆڕی "سی ئێن ئێن" لە زاری بەرپرسانی کۆشکی سپیەوە بڵاویکردەوە، ترەمپ رێنمایی تیمەکەی کردووە کە پلان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا دابنێن لە زووترین کاتدا. هەروەها، هەندێک ڕاپۆرتی میدیایی ئاماژەیان بەوە کردووە کە ترەمپ بەنیازە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ پوتین کۆببێتەوە و دواتریش کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ پوتین و زیلینسکی بەبێ ئامادەبوونی سەرکردە ئەوروپییەکان ئەنجام بدات.

شایەنی باسە، ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو، سەرۆکی روسیا پێشوازی لە ستیڤ ویتکۆف کرد لە مۆسکۆ و لایەنی ڕووسی کۆبوونەوەکەی بە "بونیادنەر" وەسف کرد و دووپاتیکردەوە کە هەردوولا باسیان لە چارەسەری قەیرانی ئۆکرانیا کردووە.