وەزارەتی پەروەردە داوا لە کوردانی تاراوگە دەکات منداڵەکانیان فێری زمانی کوردی بکەن
راهۆز
٧ی ئابی ٢٠٢٥
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی دەرەوەی وڵات، ئامادەکاری بۆ کردنەوەی چوارەمین کۆرسی ئۆنلاینی فێرکردنی زمانی کوردی دەکات بۆ کوردانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات (دیاسپۆرا).
لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتی پەروەردە ئاشکرای کردووە کە پرۆژەکە لە ساڵی 2022ەوە بە هاوکاری "کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی" دەستیپێکردووە و تا ناوەڕاستی ئەمساڵ، سێ کۆرسی سەرکەوتووی بە بەشداریی 1000 هاونیشتیمانی لە وڵاتە جیاجیاکانی جیهانەوە بەڕێوەبردووە و بڕوانامەی فەرمیی وەزارەتیان بە بەشداربووان بەخشیوە.
کۆرسی چوارەمی فێرکارییەکە لە ڕێکەوتی 1ی تشرینی یەکەمی 2025 دەستپێدەکات و وانەکان لەلایەن مامۆستایانی کارامەی زمانی کوردییەوە بە هەرسێ شێوەزاری سۆرانی، بادینی و کرمانجی دەگوترێنەوە.
وەزارەتی پەروەردە داوا لە سەرجەم کوردانی دیاسپۆرا دەکات "وەک ئەرکێکی پەروەردەیی و نەتەوەیی" سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و منداڵەکانیان لە هەر ئاست و تەمەنێکدا بن ناویان تۆمار بکەن، چونکە گرنگیدان بە زمانی کوردی "ئەرکێکە لە بواری پاراستنی شوناسی نەتەوەیی."
هاوڵاتیان دەتوانن لە رێگەی ئەم لینکەی خوارەوە فۆڕمی ئەلیکترۆنی پڕبکەنەوە بۆ تۆمارکردنی ناوی منداڵەکانیان:
https://kurdistanidc.org/ziman/