ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پلانی وەزارەتی كارەبای بۆ وەرزی هاوین پەسەندكرد و دەبێت هاووڵاتیان رۆژانە 20 کاتژمێر كارەبایان پێبدرێت.

نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو و چەند بڕیارێكی پەیوەست بە رەوشی كارەبا و وەزارەتی كارەبا پەسەندكران.

لە راگەیەنراوكەدا هاتووە، پلانی پێدانی گازی بێ بەرانبەر بۆ موەلیدەكان بۆ وەرزی هاوین و لە مانگەكانی 7 و 8 و 9 پەسەندكران كە 45 لیتر گاز بۆ هەر كیلۆڤۆڵتێك بێبەرانبەرە و دەبێت لە 24 کاتژمێردا 20 کاتژمێر كارەبا بە هاووڵاتیان بدرێت.

لە كۆبونەوەكەدا لیژنەیەكیش پێكهێنراوە بۆ بەدواداچوونی نرخی كارەبای موەلیدە و كاتی كارپێكردن و دەركردنی رێنمایی پێویست لەگەڵ خەرجكردنی شایستەی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان.

لە هەمان كۆبوونەوە، حكومەتی عیراق دەسەڵاتی ئیمزاكردنی رێككەوتنی تایبەت بە قەرزكردنی لە بانكەكان بۆ وەزارەتی كارەبا رادەستی وەزارەتی دارایی كردووە.