سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عیراق خرانە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە بۆ پاراستنی كارەكانی كۆنگرەی لوتكەی وڵاتانی عەرەبی كە 17ی ئەم مانگە دەستپێدەكات.

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە سەرجەم یەكەكانی وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ و سەرجەم هێزە ئەمنییەكانی تر دەخرێنە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشی، ئەوەش لە چوارچێوەی رێكارە ئەمنییەكانی كۆنگرەی لوتكەی وڵاتانی عەرەبی.

باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاند، لوتكەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغداد یەكێك دەبێت لە گرنگترین كۆبونەوەی وڵاتانی عەرەبی و تێیدا هەموو ئەو كێشە و قەیرانانەی رووبەڕووی ناوچەكە بووەتەوە، تاوتوێدەكرێن.

 بڕیارە 17ی ئەم مانگە بەغداد میوانداری كۆنگرەی لوتكەی وڵاتانی عەرەبی بكات بە بەشداری سەرۆكی وڵاتانی عەرەبی لەناویاندا ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا كە بانگهێشتكردنی بۆ كۆنگرەكە لەلایەن عیراقەوە مشتومڕ و كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە.