وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق رایگەیاند، پێشبینی دەكەن بۆ ئەمساڵ بەرهەمهێنانی گەنم و جۆ بگاتە خودبژێوی.

مەهدی قەیسی راوێژكاری وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق رایگەیاند، لە قۆناغی یەكەمی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیاران تائێستا 200 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە.

دەشڵێت، لەسەر بنەمای ئەو روپێویەی  بۆ پێنج ملیۆن دۆنم زەوی  ئەنجامدراوە و ئەو بڕە گەنمەی لە قۆناغی یەكەمدا  وەرگیراوە، ئەمساڵ عیراق دەگاتە ئاستی خودبژێوی و ئاسایشی خۆراك.

وتیشی، لەمساڵدا وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق لە رێگەی دوو كۆمپانیاوە 160 هەزار تۆن بنەتۆوی گەنم و جۆ بەسەر جوتیاراندا دابەشدەكات، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانی كشتوكاڵی عیراقدایە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو دوو بەروبومە بۆ ساڵی داهاتوو.