وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ئایشەگوڵ دۆغان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێکهێنانی "کۆمیسیۆنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی دیموکراسی" لە پەرلەمانی تورکیا، وەرچەرخانێکی مێژوویی و گرنگە و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد بە جددی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و بەرپرسیارێتی هەڵبگرن.
ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بەوەدا کە کۆمیسیۆنەکە بە تەنها ناتوانێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام دەستپێکردنی کارەکانی هەنگاوێکی گرنگە و دەبێتە دەروازەیەک بۆ بنیاتنانی تورکیایەکی دیموکراتیک و دادپەروەر کە لەسەر بنەمای هاووڵاتی یەکسان دامەزرابێت.
پێشنیازی پڕکردنەوەی کورسییەکانی "ئیی پارتی"
وتەبێژی دەم پارتی ئاشکرایکرد، دوای ئەوەی "ئیی پارتی" بڕیاریدا بەشداری لە کۆمیسیۆنەکەدا نەکات، ئەوان پێشنیازیان کردووە ئەو سێ کورسییە بەتاڵە بەسەر پارتەکانی تردا دابەش بکرێت. دۆغان وتی: "پێشتر داوامان لە ئیی پارتی کرد ئەگەر رەخنە و تێبینییان هەیە، بێنە ناو کۆمیسیۆنەکەوە و لەوێ دەریببڕن، بەڵام ئەوان رەتیانکردەوە."
وتیشی، "ئەگەر کۆمیسیۆن پێشنیازەکەمان قبووڵ بکات، ئێمە وەک دەم پارتی، جەلال فرات، پەرلەمانتاری ئیستەنبوڵ و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی دەزگای غەریب دەدە، وەک نوێنەری خۆمان پێشنیاز دەکەین، چونکە بەلای ئێمەوە گرنگە نوێنەرایەتی عەلەوییەکانیش لەم کۆمیسیۆنەدا هەبێت."
"توندوتیژی دژی ژنان و گەندەڵی نیشانەی داڕزانی ئەخلاقین"
دۆغان بە توندی رەخنەی لە زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان گرت و ئاماژەی بە کوژرانی کارمەندێکی پەرلەمان بەناوی ساڵحە ئۆزان کرد و وتی: "ئەگەر پەرلەمان نەتوانێت کارمەندێکی خۆی بپارێزێت، چۆن ژنانی تر دەپارێزێت؟" و داوای کرد جارێکی دیکە تورکیا بگەڕێتەوە بۆ پەیماننامەی ئەستەنبوڵ.
هەروەها باسی لە ئابڕووچوونی بەڵگەنامە و دیپلۆمی ساختە کرد و وتی: "وڵات لە رووی ئەخلاقییەوە داڕزاوە. ئەم تۆڕە گەورەیەی تاوان بێگومان پەیوەندیی سیاسیی لەپشتە و دەبێت ئاشکرا بکرێت. ئێمە وەک دەم پارتی بەدواداچوونی بۆ دەکەین."
وتەبێژی دەم پارتی رەخنەشی لە مامەڵەی دەسەڵات لەگەڵ زیندانیانی نەخۆش و ئەو زیندانیانە گرت کە سزاکانیان تەواو کردووە بەڵام ئازاد ناکرێن و بە "درێژەدان بە سیاسەتی ئەشکەنجە و زوڵم" ناویبرد.
"ئامانجی کۆمیسیۆنەکە بنیاتنانی برایەتییەکی یەکسانە"
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە داواکارییەکانیان لە کۆمیسیۆنەکە، ئایشەگوڵ دۆغان جەختی کردەوە: "ئێمە چاوەڕوانییەکی تایبەتمان لە کۆمیسیۆنەکە نییە، بەڵکو چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگەی تێدا دەبینینەوە. کۆمەڵگە پێویستی بە ئازادی، دیموکراسی و برایەتییەکی یەکسان هەیە و دەبێت کۆمیسیۆنەکە کار بۆ دەرکردنی ئەو یاسایانە بکات کە ئەمە مسۆگەر دەکەن. دیموکراسیی خۆجێی بۆ تورکیا زۆر گرنگە و دەبێت بەهێز بکرێت."
وتیشی، "کۆمیسیۆنەکە لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا دامەزراوە و هەموو لایەنەکان، لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، دەبێت عەقڵییەتی کۆن بەجێبهێڵن و بوێرانە کار بۆ سەرخستنی بکەن."