بڕیارە مانگی داهاتوو ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بۆ بەشداریكردن لە سێهەمین كۆنفرانسی بەغداد بۆ هەماهەنگی و هاوبەشی سەردانی بەغداد بكات و لەگەڵ لێپرسراوانی عیراق چەند دۆسییەك تاوتوێ بكات.

عامر فایز ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، لەنێوان عیراق و فەرەنسا لیژنەی هاوبەش پێكهێنراوە، بۆ ئامادەكردنی ئەو دۆسێیانەی لە سەردانەكەی سەرۆكی فەرەنسا بۆ بەغداد گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، لەنێویاندا دۆسێكانی تایبەت بە بوارەكانی ئابووری و وەبەرهێنان و ئاسایش و سەربازیی.

وتیشی، چاوەڕوان دەكرێت لە سەردانەكەدا، ژمارەیەك گرێبەستی چەك لەنێوان فەرەنسا و عیراق ئیمزا بكرێت و كار بكرێت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەشداری كۆمپانیاكانی فەرەنسا لە كەرتی وەبەرهێنان لە عیراق.

ئەوەش لەكاتێكدایە، بڕیارە رۆژی 17ی مانگی داهاتوو سێهەمین كۆنفرانسی بەغداد بۆ هەماهەنگی و هاوبەشی بەڕێوەبچێت و بە بەشداری بەشێكی زۆر لە سەرۆكی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، چەندین دۆسێی پەیوەندیدار بە عیراق و ناوچەكە تاوتوێ بكرێت.