تەندروستیی عیراق: کەسێکی دیکە بەهۆی پەتای تای خوێنبەربوونەوە گیانی لەدەستدا
هەساو ئەمیر
٢٣ی نیسانی ٢٠٢٥
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عیراق رایگەیاند، کەسێکی دیکە بەهۆی پەتای تای خوێنبەربوونەوە گیانی لەدەستدا.
سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عیراق رایگەیاند، لە پارێزگای موسەنا کەسێکی دیکە دوای توشبوونی بە پەتای تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا، هەروەها بەپێی دوایین ئامارەکان، ژمارەی توشبووانی تای خوێنبەربوون لە عیراقدا گەیشتووەتە 22 کەس.
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 22 کەس توشی پەتای تای خوێنبەربوون بوون و سێ کەسیش بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە، کە زۆرینەی توشبووەکان لە پارێزگای زیقارن.
تای خوێنبەربوون؛ ئێستا یەخەی چەند شارێکی عیراقی گرتووە، پەتایەکی ڤایرۆسیی درمە، بەهۆی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و لەنێوان مرۆڤەکانیشدا گوازراوەیە.
ئەگەر نەخۆشییەکە لە سەرەتادا دیاری بکرێت، ئەوا چارەسەرەکەی ئاسانتر دەبێت، باشترین رێگای خۆپارێزیش پاکوخاوێنییە.
رێژەی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لەنێوان 15٪ بۆ 30٪دایە و پێکوتەی دیاریکراوی نییە، نیشانەکانی لەرێگای پێدانی دەرمانەوە کەمدەکرێنەوە.
هۆکاری سەرەکی توشبوون، بەرکەوتنە بە ئاژەڵ و مێرووی هەڵگری ڤایرۆسەکە یان سەربڕین و خواردنی گۆشتی ئاژەڵی توشبوو. لەنێوان مرۆڤیشدا بەهۆی کارکردن و تێکەڵبوون و بەکارهێنانی سرنج و دەرزی کەسانی توشبوو، هەروەها پەیوەندی جەستەیی و بەرکەوتن بە خوێن یان هەر شلەیەکی دیکەی کەسی توشبوو، دەگوازرێتەوە و بڵاو دەبێتەوە.
نیشانە سەرەکییەکانی، دڵتێکەڵهاتن و رشانەوە، ئازاری جومگە، سکچون، تا، هیلاکی و لاوازین، نیشانە توندەکانیشی مەترسیان لەسەر ژیان هەیە بریتین لە، بێهۆشبوون، ناڕێکی لە ئیشوکاری کۆئەندامی دەمار، پەککەوتنی جگەر، گورچیلە یان سییەکان، هەروەها خوێنبەربوونی ژێر پێست.