وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند کە بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئازاری ساڵی (٢٠٢٥) بە تەواوی خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ.

بەپێی راگەیاندراوەکە، بڕی 48 ملیار و دوو سەد و پێنج ملیۆن و حەوت سەد و شەست و پێنج هەزار دیناری عیراقی، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق.

شایانی باسە، ئەم بڕە پارەیە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستانە بۆ مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٥ کە بەپێی رێککەوتنەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ دەبێت بەشێکی بۆ خەزێنەی حکومەتی عیراق بگەڕێندرێتەوە.