د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، بەبۆنەی یادی 127ساڵەی رۆژنامەگەری کوردییەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و تیایدا باس لە گرنگی پاراستنی مافەکانی رۆژنامەنووسان دەکات و جەخت لە دابینکردنی روبەری ئازاد بۆ ئازادی رادەربڕین دەکاتەوە:

دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆمار:

له رۆژی رۆژنامەگەری کوردیدا پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی رۆژنامەنووسانی کوردستان و عیراق دەکەین. ئەم دەرفەتە دەقۆزینەوە بۆ وەبیرهێنانەوەی میراتی رۆژنامەوانی دەوڵەمەند و درێژخایەنی گەلەکەمان و رۆڵی رۆژنامەگەری لەدۆکیۆمێنتکردنی مێژوو و گەیاندنی رووداو و هەواڵەکان و تیشک خستنە سەر بابەتە گرنگەکانی ژیانی هاووڵاتیان و تەئکیدکردنەوە لەسەر پێویستی دەستەبەرکردنی ئازادی رۆژنامەگەری و پاراستنی مافەکانی رۆژنامەنووسان و دابینکردنی ئەوپەڕی روبەری ئازاد بۆ ئازادی رادەربڕین لەپێناو پەرەپێدانی یەکڕیزی و هاوخەباتی نێوان خەڵک و پتەوکردنی رۆحی نیشتمانی.

 هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتر بۆ رۆژنامەگەری کوردی دەخوازین و هەموو هەوڵێک بۆ ئاشکراکردنی راستیەکان و پەروەردەکردنی کۆمەڵگا و پتەوکردنی دیموکراسی و بڵاوکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان بەرز دەنرخێنین. هەمیشە سەرکەوتوو سەرفراز بن.