سەرەڕای راگەیاندنی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ لەبارەی ڕێککەوتنی ئاگربەستێکی گشتگیر و دەستبەجێ لە نێوان هیندستان و پاکستان، دەنگی تەقینەوە بیسترا.
سەرچاوە خۆجێییەکانی هەواڵ رایانگەیاند، لە شاری جامۆی هیندستان ژمارەیەک موشەک بینراوە و دەنگی بەرزی چەند تەقینەوەیەکی یەک لە دوای یەکیش بیستراوە.
ئەمەش دوای ئەوەهات کە سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ، رایگەیاند، دوای چەند رۆژێک لە هەڵکشانی سەربازی نێوان هیندستان و پاکستان رێککەوتنێکی گشتگیر هاتووەتە ئاراوە.
ترەمپ لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی "ترووس سۆشیاڵ" ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند کە هەردوو وڵات رەزامەندییان لەسەر ئاگربەست دەربڕیوە. هەروەها سوپاسی هەردوو هیندستان و پاکستانی کرد بۆ "هەستی دروست و ژیریان بۆ رازیبوون بە کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە".
لەلایەکی ترەوە، وەزیری دەرەوەی پاکستان محەمەد ئیسحاق دار رایگەیاند کە وڵاتەکەی و هیندستان رێککەوتوون لەسەر ئاگربەستێکی "تەواو نەک بەشەکی"، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە نزیکەی 30 وڵات بەشداربوون لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان کە ئەم ئەنجامەیان بەدەستهێنا.
هەروەها، فرانس پرێس رایگەیاند؛ وەزیری دەرەوەی هیندستان سوبراهمانیام جایشانکار، "گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ پاکستان دەربارەی ئاگربەست و کاری سەربازی" پشتڕاستکردەوە، بەگوێرەی ئاژانسی.
لەلایەکی دیکەوە، دەستەی فڕۆکەوانی پاکستان رایگەیاند کە کەشی ئاسمانی خۆی بەڕووی هەموو گەشتەکاندا کردووەتەوە، دوای راگەیاندنی ئیسلام ئاباد و نیودەلهی و واشنتۆن بۆ رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان هیندستان و پاکستان، ئەمەش دوای داخستنی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک.
سەرچاوە هەواڵیەکان رایانگەیاند؛ چەند پێکدادانێکی نوێ لە نێوان هەردولادا رویداوە و وەزیری دەرەوەی هیندستانیش رایگەیاند؛ پاکستان رێککەوتنەکەی پێشێلکردووە.