نزیكەی شەش میلۆن دەنگدەری عیراقی كە لە دەرەوەی وڵاتن، ئەگەر تاكو مانگی 11 نەگەڕێنەوە بۆ دەرهێنانی كارتی بایۆمەتری و رۆژی دەنگدان لە ناوخۆی وڵات نەبن، بێبەش دەبن لە بەشداریكردنی هەڵبژاردن.

 

 عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی رۆژنامەوانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی عیراق، هەڵگرتنی كارتی بایۆمەتری مەرجە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران كە بڕیاری مانگی 11ـی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

 

ئەوەشی خستەڕوو، بۆ هەڵبژاردنەكە سندوقی دەنگدان لە دەرەوەی وڵات دانانرێت، بەوپێیەش بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكە پێویستە دەنگدەر لەناوخۆی هەرێم و عیراقدا ئامادەبن و هەڵگری كارتی بایۆمەتری بن، بە پێچەوانەوە لە مافی دەنگدان بێبەش دەبن.

 

لە دوای ساڵی 2021ـەوە، بەهۆی پێشهاتە جیهانییەكان و یاسای هەڵبژاردنی عیراقەوە، دەنگدەرانی عیراقی لە دەرەوەی وڵات كە ژمارەیان بە شەش ملیۆن دەنگدەر مەزندە دەكرێت، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی ساڵی رابردوو بێبەشبوون. بە گوێرەی ئامارەكانی كۆمیسیۆنیش، تاكو كۆتایی ئەمساڵ 29 ملیۆن هاوڵاتی عیراقی مافی دەنگدانیان دەبێت و لەوژمارەیەش تائێستا نزیكەی 18 ملیۆنیان كارتی بایۆمەتریان وەرگرتوەتەوە و دانەوەی كارتەكەش بەردەوامە.