كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، ژمارەی تیمە گەڕۆكەكانیان دوو هێندە زیاد كردووە و ناوەندەكانی تۆماری بایۆمەتریش تا 5ی ئێوارە پێشوازی لە هاووڵاتیان دەكەنبۆ نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتری. 

وەلید خالید عەباس بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عیراق بە رۆژنامەی سەباح راگەیاند، پێشتر لە هەر ناوچەیەك یەك یان دوو تیمی گەڕۆك هەبوو بۆ تۆماری بایۆمەتری ، بەڵام لە ماوەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران ئەم ژمارەیەی دوو هێندە زیاد كردووە. 

دەشڵێت، دەوامی ناوەندەكانی تۆماری بایۆمەتری تا سەعات 5ی ئێوارەیە و هەزار و 79 ناوەند پێشوازی لە هاووڵاتیان دەكەن بۆ نوێكردنەوە و تۆماری دەنگدەران. 

وتیشی، پێش ئەوەی دەست بە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بكەن زیاتر لە 300 داواكاری هەبووە بۆ كردنەوەی ناوەندی نوێ و ئەوان تاوتوێی ئەو داواكاریانە دەكەن بەپێی پێگەی جوگرافی و چڕی دانیشتوان.