دوای پازدە ساڵ، بە دەستگیرکردنی تاوانبارێک، کۆتایی بە کابووس و چیرۆکی بکوژی زنجیرەیی ئۆگەندا هات، کە بە خواردنی گۆشتی کوژراوەکان ترسی خستبووە دڵی خەڵکەوە.
موهوزی کاینەروگابا، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی وڵاتی ئۆگەندا دەستگیرکردنی پیاوێکی بە ناوی "موسی موجوریزی" راگەیاند، کە تۆمەتبارە بەوەی لە ماوەی 15 ساڵدا 38کەسی لە وڵاتەکەدا کوشتووە و دواتر گۆشتی کوژراوەکانی خواردووە.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی وڵاتی ئۆگەندا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم تۆمەتبارە خراپترین بکوژی زنجیرەیی و مرۆڤخۆرە لە مێژوی وڵاتەکەیاندا.
هەرچەندە هێشتا هیچ بڕیارێکی رەسمی لە دادگاوە دەربارەی تاوانباربوونەکەی دەرنەچووە، بەڵام فەرماندەکەی ئۆگەندا جەختی کردووەتەوە، لە دادگایەکی گشتییدا و بە ئاشکرا ئەو تۆمەتبارە لەسێدارە دەدرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەم تاوانبارە مەترسیدارە لە رابردوودا چەندین جار لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە، بەڵام بە شێوازێکی گوماناوی هەمیشە ئازاد کراوە یان رایکردووە.
لە ئێستاشدا پۆلیسی ئۆگەندا رایگەیاندوە، لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەکە دەستپێکردووە، چونکە گومانیان هەیە لەوەی ژمارەی کوژراوەکان زیاتربێت.