محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە ساڵیادی ئەنفالدا پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، عیراقییەكان بە ئازارەوە تاوانی ئەنفال و ئەو كۆمەڵكوژییە دڕندانەیەی كە 37 ساڵ لەمەوبەر دژ بە رۆڵەكانی گەلی كورد ئەنجامدرا بەبیردێننەوە، دەشڵێت ئەو تاوانە دڕندانەیە روخساری ناشرین و رەگەزپەرستانەی رژێمی بەعسی لە دژی گەلەكەمان و هێزە نیشتمانییەكان ئاشكرا كرد.


سودانی ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمڕۆ برایەتی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە بەسەر هەموو پاڵنەرەكانی رق و كینەدا سەردەكەون كە بەعسی سەدامیی هەوڵی چاندنی دەدا لە نێو چین و توێژە جیاوازەكانی گەلەكەمان بە پێكهاتە هەمە چەشنەكەیەوە و ستەمكاریش لە تاریكی مێژوودا كۆتایی پێهات و عیراقییەكان پێكەوە بەردەوام بوون لە پرۆسەی بنیاتنان و گەشەپێدان و بەرزڕاگرتنی پێگەی عیراقێكی یەكگرتوو و ئارام و سەقامگیر.