سەرۆک کۆمار بەهۆی ساڵیادی شەهیدکردنی محەمەد باقر سەدر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە
هەساو ئەمیر
٩ی نیسانی ٢٠٢٥
سەرۆک کۆماری عیراق لە ساڵیادی شەهیدکردنی محەمەد باقر سەدر لەگەڵ کچەکەی و خوشکێکیدا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاندووە، "بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونی سەماحەتی سەید محەمەد باقر سەدر و عەلەویەی کچی هودای خوشکی لە رۆژی رووخانی رژێمی ستەمکاردا، هەڵوێستی بوێرانەی شەهید سەدر لەبەرامبەر ئەو دیکتاتۆرییەی کە وڵاتی خستە ناو شەڕ و ململانێی بێ مانا و رێوشوێنی هەڕەمەکیەوە دژی عێراقییەکان بە شانازییەوە وەبیر دەهێنینەوە".
ئەوەشی خستووەتە روو، "بەم بۆنەیەوە جەخت لەسەر پێویستی بەهێزکردنی ئەزموونی دیموکراسی لەوڵاتدا دەکەینەوە، پێویستە دەستکەوتە نیشتمانییەکان بپارێزین و پێکەوە کاربکەین بۆ ئەوەی کارەساتەکانی رابردوو دووبارە نەبنەوە و بەرەو بنیاتنانی ئاییندەیەکی خۆشگوزەران هەنگاو بنێین، کە تێیدا هەموو عێراقییەکان بەئارامی و ئاسودەییەوە بژین".
محەمەد باقر سەدر یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی حزبی دەعوە و بیرمەند و سیاسییەکی دیاری عیراق بوو.
لە ٩ـی نیسانی ١٩٨٠ و بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا دەستگیرکرا و دواتر لەگەڵ خوشکەکەیدا لەسێدارەدران.
بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونی سەماحەتی سەید محەمەد باقر سەدر و عەلەویەی کچی هودای خوشکی لە ڕۆژی ڕووخانی ڕژێمی ستەمکاردا بە شانازییەوە هەڵوێستی بوێرانەی شەهید سەدر لەبەرامبەر ئەو دیکتاتۆرییەی کە وڵاتی خستە ناو شەڕ و ململانێی بێ مانا و ڕێوشوێنی هەڕەمەکیەوە دژی عێراقییەکان…
— Abdullatif J Rashid عبد اللطيف جمال رشيد (@LJRashid) April 9, 2025