وەزیری جەنگی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، هێزەکانی ئەمریکا لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودان و بڕیاری دۆناڵد ترەمپ بۆ دواخستنی هێرشەکان بۆ سەر ئێران، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئاستی ئامادەیی سەربازیی نەبووە.
پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی، وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا بەو ئاستەی لە جەنگی دووەمی جیهانییەوە نەبینراوە، ئامادەکاریی کردووە و سوپا لە هەموو روویەکەوە ئامادەیە، پێش ئەم لێدوانەش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرای کردبوو، خولێکی نوێی دانوستان لەگەڵ نوێنەرانی ئێران ئەنجام دەدرێت، ئەمەش دوای ئەوە هات کە بە شێوەیەکی کاتی هێرشە نوێیەکانی بۆ سەر ئێران هەڵپەسارد.
دۆناڵد ترەمپ لە کاتی گەڕانەوەی لە نیوجێرسی بۆ واشنتۆن لەناو فڕۆکەکەیدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، بڕیارە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەبچن، بە بێ ئەوەی شوێن، ماوە، یان ناوی بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوەیە ئاشکرا بکات.
هاوکات سەرۆکی ئەمەریکا دووبارە جەختی کردەوە، سوپای وڵاتەکەی پلانی بۆ هێرشێکی بەرفراوان و نوێی بۆ سەر ئێران هەبووە، بەڵام لە کۆتا ساتدا و لەسەر داوای بەپەلەی سعودیە، ئیمارات، قەتەر و تەنانەت خودی ئێران، هێرشەکەی هەڵوەشاندووەتەوە.
جێی ئاماژەیە، لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا، ئێران و ئەمریکا گەیشتبوونە رێککەوتنێکی چوارچێوەیی بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە لە کۆتایی مانگی شوباتی رابردووەوە دەستی پێکردبوو.