بۆ بەهێزكردنی بەهای دینار بەرانبەر دۆلار بانكی ناوەندی عیراق چەند رێنماییەكی بۆ بەكارهێنانی كارتی بانكی لە دەرەوەی وڵات دەركرد و سبەینێ دەچنەبواری جێبەجێكردنەوە.

د. نەرمین مەعروف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، بانكی ناوەندی بە ئامانجی چاودێریكردنی مامەڵە نێودەوڵەتیەكان و دڵنیابوونەوە لە گەشەسەندنی ئابووری چەند رێنماییەكی دەركرد كە بڕیارە رۆژی سێشەممە بڕۆنە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەپێی رێنماییەكان ئەو كارتە بانكیانەی نوێن لە هەردوو جۆری "كرێدیت كارد" و "دێبت كارد" دوای 30 رۆژ لە دەرچوونیان دەتوانرێت لە دەرەوەی وڵات مامەڵەیان پێوەبكرێت.

لە رێنماییەكاندا هاتووە، بەكارهێنەران دەتوانن لە ماوەی مانگێكدا لە دەرەوەی وڵات، لە نێوان 5 هەزار بۆ 50 هەزار دۆلار یان بەرانبەرەكەی بە دراوی بیانی مامەڵە بە كارتەكانیانەوە بكەن.

ئامانج لە رێنماییەكان بەهێزكردنی بەهای ئاڵوگۆڕی دینارە بەرانبەر دۆلار، هەروەها هێشتنەوەی هەڵاوسان لە رێژەیەكی نزمدا.