راوێژكارێكی سودانی: عیراق روبەڕووی دوو شۆكی گەورەی ئابووری دەبێتەوە
یەحیا
٦ی نیسانی ٢٠٢٥
راوێژكارێكی سودانی دەڵێت، لە پەراوێزی باجەكانی ئەمریكا، عیراق لە هاوینی ئەمساڵدا روبەڕوی دوو شۆكی گەورەی ئابووری دەبێتەوە.
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری دارایی رایگەیاند، ئەمریكا هاوبەشێكی بازرگانی لاوەكی عیراقە، بەڵام زیادكردنی باجەكان لەلایەن ئەو وڵاتەوە، وڵاتانی جیهانی ناچار كردووە پەنا بۆ سیستمێكی خۆپارێزی ببەن.
وتیشی، بەهۆی ئەوەی ئابووری ئەمریكا یەكێكە لە گەورەترین ئابوورییەكانی جیهان، پێشبینی دەكرێت ئەو بڕیارانە كاریگەرییان لەسەر بەرزبوونەوەی تێچووی دابینكردنی جیهانی هەبێت و هەڵاوسانیش دروست بكات.
پێشبینیشیكردووە گەشەی ئابووری جیهانی دابەزێت و ببێتە هۆی دابەزاندنی داهاتی تاك و بەرزبوونەوەی نرخ، ئەگەر ئەو سیاسەتە رانەگیرێت یان مەودای كاركردنی نەرم نەكرێت.
راوێژكارەكەی سودانی روونیكردوەتەوە، لە پەراوێزی باجەكانی ئەمریكا، عیراق روبەڕووی دوو شۆكی ئابووری دەبێتەوە، یەكەمیان قەیرانی بەرزبوونەوەی نرخە لە زنجیرەی دابینكردنی جیهانیدا، دووەمیان دابەزینی داهاتی نەوتە لە هاوینی ئەمساڵدا.