راوێژكارێكی سودانی دەڵێت، بەغداد و واشنتۆن لە بەردەم دەرفەتێكی مێژووییدان بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانیان و پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە و یەكگرتنی ئابووری و سەقامگیری درێژخایەن.

فەرهاد عەلائەدین راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری دەرەوە رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو وەفدێكی كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكانی ئەمریكا، كە سەرجەم بوارەكانی لەخۆگرتووە، لەنێویاندا كارەبا، سەردانی بەغداد دەكات و هەڵسەنگاندن بۆ بازاڕی عیراق دەكات، بە مەبەستی دۆزینەوەی دەرفەتی نوێ بۆ كاركردن.

وتیشی، سەردانی وەفدەكە، دەرفەتێكی مێژووییە لەبەردەم بەغداد و واشنتۆن بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانیان و پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە و یەكگرتنی ئابووری و سەقامگیری درێژخایەن.

راوێژكارەكەی سودانی ئاماژەی بەوەشكرد، بڕیارە لە پەراوێزی سەردانی وەفدەكەدا بۆ عیراق، چەند یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتن و لەنێوان وەفدەكەی ئەمریكا و هاوتاكانی لە عیراق ئیمزا بكرێت.