قوباد تاڵەبانی، لە پەیامێکدا بە بۆنەی یادی کۆمەڵکوژی کوردانی فەیلی، جەختی لەسەر پێگەی کوردانی فەیلی کردەوە وەک یەکێک لە رەسەنترین پێکهاتەکانی کوردستان و عێراق.

لە پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم دا هاتووە: "کوردە فەیلییەکان هاوشێوەی کوردانی ئێزدیی لەگەڵ ئەوەی لە رەسەنترین پێکهاتەکانی کوردستان و عێراقن، بەڵام لە سەد ساڵی رابردوودا لە ستەملێکراوترین پێکهاتەکانیش بوون".

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بە هۆکارەکانی چەوساندنەوەی کوردانی فەیلی کردووە و نووسیویەتی: "کوردانی فەیلی هەم بەهۆی جیاوازیی ئاینیی و هەم بەهۆی کوردبوونیانەوە بەردەوام چەوسێنراونەتەوە و وەک بێگانە سەیرکراون".

لە درێژەی پەیامەکەیدا قوباد تاڵەبانی نوسیویەتی: "گەلی کورد نەک هەر کۆمەڵکوژکردن و وڵاتبەدەرکردنی کوردانی فەیلی لەسەر دەستی رژێمی لەناوچوی بەعس لەبیرناکات، بەڵکو یادی ئەو تاوانە مەزنە دەکاتە هەوێنی پتەوکردنی هاوچارەنووسی و یەکێتیی زیاتری نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی کوردستان".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە: "لەم یادە وەبیر نوێنەرانی کورد لە بەغدا دەخەینەوە کە هەموو هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ قەرەبووکردنەوە و گەڕاندنەوەی مافە زەوتکراوەکانی کوردانی فەیلی".