وەزارەتی نەوتی عیراق راگەیەندراوێكی ئەپیكور رەتدەكاتەوە و داواش دەكات بە زوترین كات گفتوگۆ و دانوستان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئەنجام بدرێت.

وەزارەتی نەوتی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، بڵاوكردنەوەی راگەیەندراوێك لەلایەن كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان كە بە ئەپیكور ناسراوە تووشی شۆكی كردوون، كە تیایدا وەزارەتی نەوتی عیراقی تۆمەتباركردووە بە دروستكردنی ئاستەنگ و رێگری لە بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردسان لە رێگەی بۆری عیراق-توركیاوە، چونكە هەموو هەوڵێكی وەزارەتی نەوت لە رابردوودا بۆئەوە بووە بە زوترین كات هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەسپێبكاتەوە.

دەشڵێت، هەر كاتێك دانوستان و گفتوگۆ لەبارەی نەوتی هەرێم بە ئاراستەیەكی باش هەنگاوی نابێت، داواكاری و پێشنیازی نەگونجاو و بەدەر لە یاسا و رێككەوتنەكان پێشكەشكراون، كە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عیراقەوە نەبووە، ئەوەش بووەتە گەورەترین ئاستەنگ و ئاڵنگاری لە بەردەم گەیشتن بە رێككەوتن.

وەزارەتی نەوتی عیراق لە راگەیەندراوەكەیدا داواشیكردووە بە زوترین كات گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان دەستپێبكاتەوە بە شێوەیەك لەگەڵ یاسای بودجەدا بگونجێت بۆئەوەی بە زوترین كات هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆری نەوتی عیراق-توركیاوە دەستپێبكاتەوە.