سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە
ئوسامە ئەبوبەکر عەلی
٢٦ی شوباتی ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە.
لە میانی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 26-2- 2025 لە هەولێر بەڕێوەچوو، بارودۆخی گشتی عیراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و هەروەها پێشهاتی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیی و دۆخی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی تاوتوێ کرا و جەختکرایەوە لە گرنگی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگی نێوان هێزە سیاسییەکان و کارکردن بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاریی هاووڵاتیان.
هەر لەو دیدارەدا راو بۆچون ئاڵوگۆڕ کرا لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ناوەند و هەرێم لە ئاستی جیاجیا و ئاڵەنگارییەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و سەقامگیری وڵات، کە تیایدا ئاماژەکرا بە پێویستی پەسەندکردنی پرەنسیپی دیالۆگ و چالاککردنی میکانیزمی هەماهەنگی و کاری هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک کە دۆخی ئابووری و گەشەسەندن باشتر بکات و خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەموو گەل بکات.



