لە پەراوێزی سێیەمین کۆنفرانسی ئۆقیانوسی نەتەوە یەکگرتووەکان، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق لەسەر بانگهێشتی بریجیت ماکرۆن، سەردانی شارەوانی سانت پۆڵ دی ڤێنسی باشووری ڕۆژهەڵاتی فەرەنسای کرد.
لەگەڵ گەیشتنی خانمی یەکەم، بۆ گۆڕەپانی دیگۆل، خاتوو بریجیت ماکرۆن بەخێرهاتنی کرد و جەختی لەگرنگی بەشداریکردنی لەبەرنامە ڕۆشنبیریەکەدا کردەوە، بەو پێیەی بەرجەستەی شارستانیەتی میزۆپۆتامیایە کە درێژدەبێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر، پاشان خانمی یەکەم، بە یاوەری خاتوو بریجیت و خانمە یەکەمەکانی سەرکردە و سەرۆکی دەوڵەتانی بەشداربوو لەکۆنفرانسی ئۆقیانوسەکان گەشتێکی بەسانت پاول دی ڤینسدا کرد .
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ستایشی مێژوو و کلتووری شارەکەی کرد کە بووەتە شوێنی بەیەکگەیشتنی زۆرێک لەکلتوور و شارستانیەتەکان، هەروەها خانمی یەکەم و هاوتاکانی سەردانی دامەزراوەی ماختیان کرد کە مۆزەخانەی هونەری مۆدێرن و ١٢ هەزار بەرهەمی هونەری تێدایە کە بریتین لە تابلۆ و پەیکەر و سیرامیک و کۆمەڵێک بەرهەمی هونەری هونەرمەندانی سەدەی بیستەم.
هەروەها خانمی یەکەم، ڕۆڵی بەرچاوی هاوتا فەرەنسییەکەی لەبواری مرۆیی و ڕۆشنبیری و گرنگیدان بە کلتوور و مێژووی بەرز نرخاند.
بەرنامە ڕۆشنبیریەکە بریتی بوو لەکۆبوونەوەی خانمانی یەکەم کە لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا ئامادەبوون و خانمی یەکەم خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە دیدار لەگەڵیان بەتایبەت شازادە شارلینی مۆناکۆ.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم دیدارە ئامرازێکی پەیوەندیکردن و پردێکە بۆ گفتوگۆ و دەرفەتێکە بۆ فێربوونی زیاتر دەربارەی کلتوورەکانی دیکە، هەروەها باسێکی لە یادەوەرییەکانی منداڵی خۆی لە گوێگرتن لە ڕادیۆی مۆنتی کارلۆ کرد کە تاکە ڕادیۆی فەرەنسیە بە زمانی عەرەبی پەخشی دەکرا، و ئامرازێکی گرنگ بوو بۆ گەیاندنی بیرۆکە و کلتوورەکان.
خانمی یەکەم باسیشی لە عێراق کرد کە یەکێکە لە ناوچە دیارەکانی جیهان، کە خاکەکەی دەوڵەمەندە بە گرنگترین شوێنەواری شارستانیەت و شوێنەوارە بەرچاوەکانی و کلتووریی و شوێنی گەشتیاریی وەک شارستانیەتی سۆمەری، ئەکەدی، ئاشووری و بابلی، کە بەیەکەمین شارستانیەتی جیهان دادەنرێت و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٧ هەزار ساڵ پێش ئێستا.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، عێراقییەکان ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بوونەتەوە کەبەشداربوون لەداڕشتنی ناسنامەی نیشتمانی و بنیاتنانی دەوڵەتی هاوچەرخی عێراق، هاوکات تیشکی خستە سەر گرنگی بەشداری عێراق لەکۆنفرانسی ئۆقیانوسی نەتەوە یەکگرتووەکان، چونکە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کەزۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگەوە، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و وشکەساڵی و دابەزینی ڕێژەی ئاو لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات ، ئەمەش کاریگەری لەسەر سروشتی ژیان دروستکردووە ، هەروەها عێراق لە ئێستادا سەرۆکایەتی گروپی (77) و چین دەکات، ئەمەش گوزارشت لەپێگەی نێودەوڵەتی عێراق و پابەندبوونی بەهاوبەشێکی ڕاستەقینە لەداڕشتنی سیاسەتی ژینگە و بنیاتنانی هاوبەشی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەکات.