عیراق ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە باس لە هەڕەشەکانی واشنتۆن دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم
محەمەد رزگار
٢٢ی شوباتی ٢٠٢٥
حکومەتی عیراق رەتیدەکاتەوە، ئیدارەی ئەمریکا هەڕەشەی سزای لێکردبێت ئەگەر هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەستپێنەکاتەوە.
فەرهاد عەلائەلدین، ڕاوێژکاری کاروباری دەرەوەی سەرۆک وەزیرانی عیراق بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، بەغداد ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە دەڵێن ئەگەر هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە دەستپێنەکاتەوە، رووبەڕووی سزاکانی ئەمریکا ببێتەوە.
عەلا ئەلدین ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ راستییەک لەو راپۆرتانەدا نییە کە میدیاکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەگەر هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە دەستپێنەکاتەوە، هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر عیراقدا هەیە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "لە هەموو ئەو پەیوەندییانەی کە لەم دواییانەدا لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا روویانداوە، هیچ هەڕەشەیەک نەبووە بۆ سەپاندنی سزاکان یان هەر جۆرە فشارێک بۆ سەر عیراق".