ئەمریكا داوای لە عیراق كردووە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە، بەپێچەوانەشەوە هاوشێوەی ئێران روبەڕوی زنجیرەیەك سزای ئابووری دەبێتەوە.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا داوای لە عیراق كردووە، بەزوویی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە، ئەگەرنا هاوشێوەی ئێران زنجیرەیەك سزای ئابووری بەسەردا دەسەپێنرێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئیدارەی ترەمپ پێی وایە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان رۆڵی دەبێت لە كەمكردنەوەی نرخی نەوت خاو لە جیهاندا و  قەرەبوویەكیشە بۆ عیراق بەرامبەر كشانەوەی لە هاوردەكردنی وزە ئێران.

ئەوەش لەكاتێكدایە، هەردوو وەزارەتی نەوتی عیراق و سامانە سروشتییەكانی هەرێم رایانگەیاندووە، ئامادەكارییەكانیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە قۆناغەكانی كۆتاییدان و چاوەڕوان دەكرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا هەناردەكردنەكە لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە دەستپێبكاتەوە.