دادگای فیدراڵی عیراق ئەو تانانەی رەتكردەوە كە لە سێ یاسا مشتومڕهەڵگرەكەی ئەنجومەنی نوێنەران درابوون، هاوكات لە كۆی چوار سكاڵای تایبەت بە هەرێمی كوردستانیش، سێ سكاڵایانی رەتكردەوە

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، دادگای فیدراڵی بڕیاریدا ئەو سكاڵا و تانانە رەتبكاتەوە كە لەلایەن 10 ئەندامی ئەنجومەن نوێنەران تۆماركرابوون و تیایدا تانەیان دابوو لە یاساكانی لێبوردنی گشتی و باری كەسێتی و گەڕاندنەوەی ماڵ و موڵك و زەوی و زار بۆ خاوەنەكانیان، هاوكات بڕیاریشدا بە راگرتنی فەرمانە وەلائییەكەی خۆی و جێبەجێكردنی سێ یاساكە  كە پێشتر بەهۆی ئەو سكاڵایەوە راگیرابوون.

لە بەشێكی تری دانیشتنەكەدا، سێ سكاڵا كە پەیوەدنییان بە هەرێمەوە هەبوو  رەتكراونەتەوە، كە تایبەت بوون بە رێنماییەكانی پێبژاردنی هاتووچۆ و رسوماتی مەرجی توندوتۆڵی، كە لەسەر سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزیری ناوخۆ تۆماركراوبوون و تیایدا داواكرابوو سەرپشككردنی وەزیری ناوخۆ بە زیادكردن یان كەمكردنەوەی رسومات و پێبژاردنی هاتووچۆ بە نادەستوریی بناسێنرێت، لەگەڵ سكاڵای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتەكانی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراون و ئەوقاف و  كاروباری ئایینی هەرێم.

هەروەها، دادگای فیدڕاڵی تاوتوێكرنی سكاڵای تایبەت بە  لابردنی مەرجەكانی فرەژنی و یاسای باری كەسێتی كە لە پەرلەمانی كوردستان هەمواركراوەتەوە دواخست بۆ 25 ی مانگی داهاتوو.